Biography

هەگبەى ساڵانەى مامۆستا پرسیارێکی گران و هەراسانکەر لەمەڕ مامۆستایانی ئەکادیمی دەوروژێنێ، ئەویش ئەوەیە: ئایا لەماوەى ئەم ساڵی خوێندنەدا چ شتێک لە هەگبەتدا هەیە؟ بوارى چالاکیەکان هەندەن کە پێدەچێ هەموان نەتوانن چالاکی بخەنە تەواوى فوڵدەرەکانەوە. بەڵام ئەوەى کە هەمیشە وەک سەربەرزى بۆ ئێمە دەمێنێتەوە ئەوەیە، کەلەسەر ڕێچکە پیرۆزەکەى زانست بمێنینەوەو وەزیفەى سەرەکی خۆمان لە یاد نەکەین، چونکە ئەوەى کە بۆ ئێمە دەمێنێتەوە لەو بوارەدا تەنها دوو بوارى سەرەکییە: ئایا ئێمە تا چەند مامۆستایەکى باشین، ئایا تا چەند توێژەرێکین قەڵەممان بەبرەوە، تەنها ئەو دوو بوارە لە دواى مردنیشمان بە زیندویی دەمێننەوە.

 ئەمڕۆ کۆمەڵگەى کوردستانی لە هەموو ڕۆژان زیاتر پێویستى بەو دوو وەزیفە ڕەسەنەیە، دەبێ زۆر باش ئێمەى مامۆستایانی زانکۆ پەى پێبەرین، دەبێ مامۆستایەکی باش بین: چونکە کۆمەڵگە گەیشتۆتە ئاستێکی ترسناک و پێویستى بەوەیە کە دەبێ خودى مامۆستا خۆى هەڵگرى بەهاکان بێت و لەڕوى زانستیشەوە کارامە بێت، چونکە زۆر ئەستەم بووە دواندنى قوتابیان و زانست پێگەیاندنیان، چونکە ئەوانیش دەستیان بەزۆرێک لە زانیاریەکان دەکات و دونیاى تەکنەلۆژیا ئەوەى بۆ ڕەخساندون، بەڵام لەگەڵ ئەو پێشکەوتنەشدا سستمى بەهاکانى کۆمەڵگاى خستۆتە ژێر پرسیارەوە، هەر بۆیە چەند مامۆستا دەبێ بە توانا بێ لەڕوى زانستەوە، دەبێ ئەوەندەش لێهاتوو و پابەندى بەها باڵا دروستەکانى کۆمەڵگەى کوردستانی بێ، چونکە بەبێ ئەو بەهایانە متمانەو پابەندبوونمان بە پرس و نیشتمانەوە لاواز دەبێ.

ئەوەى کە ئەمڕۆ بۆ توێژى خوێندەوار ڕەخساوە، پێشتر زۆر زەحمەت بوو، ئەمڕۆ هەر لە جێگەى خۆتەوە کە لێی هەڵتروشکاوى دەتوانى بە زانیارییەک بگەى لەوپەڕى دونیاو لێی سودمەند ببی، ئەمەش بۆ توێژەرەکان و مامۆستایانی زانکۆ جێی تێرامان و کار ئاسانییە بۆیان، دەبێ هەرچی زوترە بیقۆزینەوەو ئەو ئاسانکارییە بەگەڕ بخەین بۆ خزمەتى وڵات. بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە، کە چۆن بتوانین مامۆستایەکى زانکۆ لەگەل قۆناغەکانى ترى خوێندنى پێش زانکۆیی جیا بکەینەوە. ئەویش ئەوەیە کە دەبێ هەموو هەڵگرێکی ماستەرنامەو تێزى دکتۆرا دەبێ توێژەر بێ، کەم تا زۆر.

چەند توێژەرەکانمان زێتر بن ئەوەندە مایەى پێشکەوتنمانە، لەوەش زیاتر کە جێی خۆشبەختى بێ ئەوەیە کە تا چەند توێژینەوەکانمان ساڕێژى گرفتەکانى کۆمەڵگە دەکەن. بەڵام بە پێی ستانداردە جیهانیەکان گومان لەوەدا نیە کە زۆر لە دواوەین.