Biography

لە ساڵی ١٩٦٦ لە شاری مەهاباد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە. ئەندامی بنەماڵەی ناوداری قازییەکانی موکریانە. لەسەردەمی مێرمنداڵییەوە لە مەجلیسی مامۆستایانی وەک هێمن و هەژار و محەمەدی قازی و ئەحمەدی قازی دانیشتووە و بەم جۆرە هۆگری زمان و ئەدەبیاتی کوردی بووە. بارودۆخی دژواری سیاسی نەیوەستاندووە و دوای ئەوەی لە زیندان ئازاد کراوە، درێژەی بە خوێندن داوە و لە بواری زمان و ئەدەبی فارسی بکالۆریۆسی وەرگرتووە. یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئەنجومەنی ئەدەبی شاری مەهاباد بووە و بۆ ماوەی ٦ ساڵ ئەو ئەنجومەنەی بەڕێوە بردووە. شاعیر و نووسەرە و یەکەم شیعری لە ساڵی ١٩٨٦ لە گۆڤاری سروەدا بڵاو کراوەتەوە و دواتر لە دەیان گۆڤار و ڕۆژنامەی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بابەتەکانی بڵاو بوونەتەوە.

لە ساڵی ٢٠٠٨ لە زانکۆی حکومی ورمێ بە پلەی یەکەم وەرگیراوە و بە پلەی یەکەم خوێندنی مەستەری لەو زانکۆیە تەواو کردووە و دواتر بۆ ماوەی ساڵیک لە شاری ورمێ مامۆستای زانکۆ بووە. ئەوجار بە هۆی سیاسی نەیتوانیوە لە ئێران درێژە بە خوێندنەکەی بدات و بەو هۆیەوە پەڕیوەی ئەم دیوەی کوردستان بووە. لە زانکۆی سەلاحەدین وەرگیراوە و بە سەرپەرەستی ئەم زانکۆیە (پ. ڕەفیق شوانی) و زانکۆی کاڕلتۆنی کەنەدا (پ. جەعفەر شێخۆلئیسلامی) لە بواری سیاسەتی زمانی و پلانداڕێژیی زمانی لە سیستەمی پەروەردەدا پلەی دکتۆرای بەدەست هێناوە. ئەوەی لە بارەی تێزەکەیدا شایانی باسە ئەوەیە کە سێ کەس لە ئەندامانی هەڵسەنگێنەری تێزەکەی، لەسەر تێزەکەی نووسیویانە کە پێویستە ئەم تێزە ببێت بە پرۆژە بۆ وەزارەتی پەروەردە. د. سەعد قازی ئێستا لە زانکۆی سەلاحەدین لە کۆلێژی زمان مامۆستایە و دوایین بەرهەمی کتێبێکە بە ناونیشانی: "سیاسەتی زمانی وپلانداڕێژیی زمانی" کە لە ساڵی ٢٠٢٣دا چاپ و بڵاو کراوەتەوە.