Biography

د. مەغدید خدر ئەحمەد سەپان لە 10-1-1961 لە گوندی گراوی سەر بە هاوینەهەواری پیرمام لە باشوری کوردستان لە دایك بووە.

- لە پایزی 1976 لە چاپخانەی كوردستان و لای مامۆستا گیوی موكریانی وەك شاگرد دەستی بەکار کرد و تا هاوینی 1983 لە چاپخانە مایەوە و كاری لەگەڵ كاغەز و پیت و وشە كرد.

- لە ساڵی 1983 ئامادەیی شەوانی هەولێری تەواو كرد و هەمان ساڵ، بە ڕێگای ئێران بۆ وڵاتی سوێد چوو. نزیكەی سێ‌ ساڵیش لە سوێد لە چاپخانە كاری كرد.

- لە 1987 بۆ خوێندن بۆ یەكێتی سۆڤێت چوو و لە ساڵی 1993 لە زانكۆی لێنینگراد (سانكت-پیتربورگ) لە فاكولتێتی رۆژنامەنووسی بڕوانامەی بەکالۆریۆس و ماستەری لە رۆژنامەگەری وەرگرت. نامەی ماستەری لە دوو بەش پێکهاتبوو. لایەنی پراکتیکی ئامادەکردنی فیلمێکی دەکومێنتی بوو لەسەر ڕەوشی قوتابییانی کورد لە سۆڤیێت و روسیا لەگەڵ لایەنی تیۆری باسی لە مێژووی فیلم و شێوەی بەرهەمهێنانی فیلمی دەکومێنتی کردبوو.

- لە هەمان زانكۆ و فاكولتێت لە ١٩ی شوباتی 1998 موناقەشەی نامەی دكتۆرای کرا و تێزی دكتۆراكەی بە ناوی: "چاپەمەنی جالیای كورد/ مێژووی سەرهەڵدان و قۆناغی سەردەم" بوو.

- لە ساڵی ١٩٩٣ لە شاری کارلستاد لەگەڵ کۆمەڵێک لە ئەندامانی نەقابەی چاپچیان (گرافیا) رۆژنامەیەکیان بۆ بێکارەکانی ئەوێندەر بەناوی: (ئاربێتس لوست – ئارەزووی کار) بە زمانی سویدی دەرکرد. رۆژنامە بۆ چەند ساڵێک بەردەام بوو، بەڵام ئەو تەنیا لە ژمارەکانی سەرەتایی تێیدا کاریکرد.

- لە نێوان ساڵەکانی ١٩٩٧ – ١٩٩٩ سەرنووسەری رۆژنامەی کوردستانی نوێ بە زمانی روسی بوو.

كتێبە چاپكراوەكان:

١- بەرپرسانی حكومەتی هەرێم لەچەند چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانی، ستۆكهۆڵم 1994.

٢- چاپەمەنی جالیای كورد/ مێژووی سەرهەڵدان و قۆناغی سەردەم، سانكت-پێتربورگ 1998. ئەم كتێبە تێزی نامەی دكتۆرایەتی، بە دەستكارییەكی زۆر بەزمانی روسی بەناوی زانکۆی سانکت – پیتربورگ چاپكرا.

٣- تیۆری رۆژنامەوانی، ستۆكهۆڵم 2000. باس لە ژانرەکانی رۆژنامەوانی دەكات. دواتر هەمان کتێب بە دەستکاریێکی زۆرەوە لەژێر ناونیشانی:

ژانرەكانی رۆژنامەوانی و مێژووی چاپخانە 1450-1500 چاپکرا، ئەم کتێبەم دوو جار لە هەولێر چاپکرا. جاری یەکەم کۆری زانیاری کورد لە ساڵی ٢٠٠٥ چاپیکرد و جاری دووەمیش دەزگای موکریان بە کەمێک دەستکارییەوە لە ساڵی ٢٠٠٨ چاپیکردەوە.

٤- ئاژانسەكانی دەنگوباس. دەزگای ئاراس 2006، هەولێر.

٥- ئەگەر ڕۆژنامەنووس هات. دەزگای سەردەم – 2008.

٦- مێژووی تەلەفزیۆن و کەنالی ئاسمانی زاگرۆس: هەنگاوێک بۆ نووسینەوەی مێژووی تەلەفزیۆنی کوردی. ئاراس. ٢٠٠٩. هەولێر.

٧- ئەوانەی رۆژنامەنووس پێویستە بیانزانێ. دوو بەرگ، چاپخانەی ئازاد هەورامی. کەرکوک. ٢٠١٢.

٨- پەیامنێری تەلەفزیۆن. هەولێر. ٢٠١٣. (ئەو کتێبەم بەهاوبەشی لەگەڵ د. سێرگێی میخایڵۆڤ بە زمانی روسی نووسی و لە هاوینی ٢٠١٣ لە روسیا بە روسی چاپکرا و زستانی ٢٠١٣ بە زمانی کوردی لەسەر ئەرکی کوردستان تیڤی لە هەولێر چاپکرا).

٩- پەخشی رادیۆی کوردی. (ئەو کتێبەش بەهاوبەشی لەگەڵ د. سێرگێی میخایڵۆڤ بە زمانی روسی نووسرا و لە بەهاری ٢٠١٥ لە روسیا بە زمانی روسی بەناوی زانکۆی سیکتیڤارسک چاپکرا. لە نزیکترین ئایندە بە دەستکاری زۆر و زیاتر دەوڵەمەندکردنی چاپی کوردی ئامادە دەبێت.

١٠- بنەماکانی ئێتیک و ئێتیک لە ڕاگەیاندنی کوردی، دەزگای جەمال عیرفان، سلێمانی ٢٠١٥.

کتێبی ئامادە بۆچاپ:

١- گۆشەکانم: (ئێمە و ئەوان – پوختە – ئەوانەی من تێیان ناگەم) لە دوو بەرگ بۆ چاپ ئامادەیە.

٢- گەشتنامە: بۆ چاپ ئامادەیە.

٣- درۆپێک لە قسە قۆڕ و بەسەرهاتە سەیر و سەمەرەکانی ژیانم: بەرگی یەکەم بۆ چاپ ئامادەیە.

د. مەغدید سەپان لە ساڵی ٢٠٠٤ لە وڵاتی سویدەوە بۆ کوردستان گەڕایەوە و لە هەولێر  بەشی ڕاگەیاندنی لە کۆلێژی ئاداب – زانکۆی سەلاحەدین کردەوە. سەرەتا وەک سەرۆک بەش و دواتر وەک مامۆستا لەهەمان بەش کار دەکا.

- د. مەغدید سەپان لەڕاسیتدا، یەکەم کوردی باشوری کوردستانە بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرای لە ڕاگەیاندن هێنابێتەوە و یەکەم کوردی باشوریشە پلەی زانستی بۆ پرۆفێسۆری یاریدەدەر لە زانکۆی سەلاحەدین لە بەهاری ٢٠١٣ بۆ بەرزکرابێتەوە.

- د. مەغدید سەپان، جگە لەکاری مامۆستایەتی لە بەشی ڕاگەیاندن لە کۆلێژی ئاداب لە زانکۆی سەلاحەدین لە نووسین بۆ رۆژنامە و گۆڤارە کوردییەکان و بەرهەمهێنانی فیلمی دەکومێنتیش بۆ تەلەفزیۆنەکانی کوردی چالاکانە کار دەکا.لەسەر پرسە ئاڵۆزەکانی کوردی، هەمیشە ڕای کوردانەی خۆی هەبووە و ڕاکانیشی تا ئێستا زۆر کورسی پتەوی هەژاندووە.

خێزانی هەیە و پێنج منداڵی بەناوەکانی: دێرین، نالی، نازە، سۆفیا و شیلانە هەیە.

 

ئەو بابەتانەی لە بەشی راگەیاندنی كۆلێژی ئادابی زانكۆی سەلاحەدین گوتوویەتییەوە:

- ژانرەكانی رۆژنامەوانی

- ئێتیكی راگەیاندن

- پەیپەر میدیا

- هونەرەكانی كاركردن لە رادیۆ و تەلەفزیۆن

- بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠١٥ – ٢٠١٦ ش بڕیارە وانەی: ڕوۆژنامەوانی بەدواداچوون (روزنامه‌نگاری تحقیقی) بڵێتەوە.