Biography
د. مەغدید خدر ئەحمەد سەپان لە 10-1-1961 لە گوندی گراوی سەر بە هاوینەهەواری پیرمام لە باشوری کوردستان لە دایك بووە.
- لە پایزی 1976 لە چاپخانەی كوردستان و لای مامۆستا گیوی موكریانی وەك شاگرد دەستی بەکار کرد و تا هاوینی 1983 لە چاپخانە مایەوە و كاری لەگەڵ كاغەز و پیت و وشە كرد.
- لە ساڵی 1983 ئامادەیی شەوانی هەولێری تەواو كرد و هەمان ساڵ، بە ڕێگای ئێران بۆ وڵاتی سوێد چوو. نزیكەی سێ ساڵیش لە سوێد لە چاپخانە كاری كرد.
- لە 1987 بۆ خوێندن بۆ یەكێتی سۆڤێت چوو و لە ساڵی 1993 لە زانكۆی لێنینگراد (سانكت-پیتربورگ) لە فاكولتێتی رۆژنامەنووسی بڕوانامەی بەکالۆریۆس و ماستەری لە رۆژنامەگەری وەرگرت. نامەی ماستەری لە دوو بەش پێکهاتبوو. لایەنی پراکتیکی ئامادەکردنی فیلمێکی دەکومێنتی بوو لەسەر ڕەوشی قوتابییانی کورد لە سۆڤیێت و روسیا لەگەڵ لایەنی تیۆری باسی لە مێژووی فیلم و شێوەی بەرهەمهێنانی فیلمی دەکومێنتی کردبوو.
- لە هەمان زانكۆ و فاكولتێت لە ١٩ی شوباتی 1998 موناقەشەی نامەی دكتۆرای کرا و تێزی دكتۆراكەی بە ناوی: "چاپەمەنی جالیای كورد/ مێژووی سەرهەڵدان و قۆناغی سەردەم" بوو.
- لە ساڵی ١٩٩٣ لە شاری کارلستاد لەگەڵ کۆمەڵێک لە ئەندامانی نەقابەی چاپچیان (گرافیا) رۆژنامەیەکیان بۆ بێکارەکانی ئەوێندەر بەناوی: (ئاربێتس لوست – ئارەزووی کار) بە زمانی سویدی دەرکرد. رۆژنامە بۆ چەند ساڵێک بەردەام بوو، بەڵام ئەو تەنیا لە ژمارەکانی سەرەتایی تێیدا کاریکرد.
- لە نێوان ساڵەکانی ١٩٩٧ – ١٩٩٩ سەرنووسەری رۆژنامەی کوردستانی نوێ بە زمانی روسی بوو.
كتێبە چاپكراوەكان:
١- بەرپرسانی حكومەتی هەرێم لەچەند چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانی، ستۆكهۆڵم 1994.
٢- چاپەمەنی جالیای كورد/ مێژووی سەرهەڵدان و قۆناغی سەردەم، سانكت-پێتربورگ 1998. ئەم كتێبە تێزی نامەی دكتۆرایەتی، بە دەستكارییەكی زۆر بەزمانی روسی بەناوی زانکۆی سانکت – پیتربورگ چاپكرا.
٣- تیۆری رۆژنامەوانی، ستۆكهۆڵم 2000. باس لە ژانرەکانی رۆژنامەوانی دەكات. دواتر هەمان کتێب بە دەستکاریێکی زۆرەوە لەژێر ناونیشانی:
ژانرەكانی رۆژنامەوانی و مێژووی چاپخانە 1450-1500 چاپکرا، ئەم کتێبەم دوو جار لە هەولێر چاپکرا. جاری یەکەم کۆری زانیاری کورد لە ساڵی ٢٠٠٥ چاپیکرد و جاری دووەمیش دەزگای موکریان بە کەمێک دەستکارییەوە لە ساڵی ٢٠٠٨ چاپیکردەوە.
٤- ئاژانسەكانی دەنگوباس. دەزگای ئاراس 2006، هەولێر.
٥- ئەگەر ڕۆژنامەنووس هات. دەزگای سەردەم – 2008.
٦- مێژووی تەلەفزیۆن و کەنالی ئاسمانی زاگرۆس: هەنگاوێک بۆ نووسینەوەی مێژووی تەلەفزیۆنی کوردی. ئاراس. ٢٠٠٩. هەولێر.
٧- ئەوانەی رۆژنامەنووس پێویستە بیانزانێ. دوو بەرگ، چاپخانەی ئازاد هەورامی. کەرکوک. ٢٠١٢.
٨- پەیامنێری تەلەفزیۆن. هەولێر. ٢٠١٣. (ئەو کتێبەم بەهاوبەشی لەگەڵ د. سێرگێی میخایڵۆڤ بە زمانی روسی نووسی و لە هاوینی ٢٠١٣ لە روسیا بە روسی چاپکرا و زستانی ٢٠١٣ بە زمانی کوردی لەسەر ئەرکی کوردستان تیڤی لە هەولێر چاپکرا).
٩- پەخشی رادیۆی کوردی. (ئەو کتێبەش بەهاوبەشی لەگەڵ د. سێرگێی میخایڵۆڤ بە زمانی روسی نووسرا و لە بەهاری ٢٠١٥ لە روسیا بە زمانی روسی بەناوی زانکۆی سیکتیڤارسک چاپکرا. لە نزیکترین ئایندە بە دەستکاری زۆر و زیاتر دەوڵەمەندکردنی چاپی کوردی ئامادە دەبێت.
١٠- بنەماکانی ئێتیک و ئێتیک لە ڕاگەیاندنی کوردی، دەزگای جەمال عیرفان، سلێمانی ٢٠١٥.
کتێبی ئامادە بۆچاپ:
١- گۆشەکانم: (ئێمە و ئەوان – پوختە – ئەوانەی من تێیان ناگەم) لە دوو بەرگ بۆ چاپ ئامادەیە.
٢- گەشتنامە: بۆ چاپ ئامادەیە.
٣- درۆپێک لە قسە قۆڕ و بەسەرهاتە سەیر و سەمەرەکانی ژیانم: بەرگی یەکەم بۆ چاپ ئامادەیە.
د. مەغدید سەپان لە ساڵی ٢٠٠٤ لە وڵاتی سویدەوە بۆ کوردستان گەڕایەوە و لە هەولێر بەشی ڕاگەیاندنی لە کۆلێژی ئاداب – زانکۆی سەلاحەدین کردەوە. سەرەتا وەک سەرۆک بەش و دواتر وەک مامۆستا لەهەمان بەش کار دەکا.
- د. مەغدید سەپان لەڕاسیتدا، یەکەم کوردی باشوری کوردستانە بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرای لە ڕاگەیاندن هێنابێتەوە و یەکەم کوردی باشوریشە پلەی زانستی بۆ پرۆفێسۆری یاریدەدەر لە زانکۆی سەلاحەدین لە بەهاری ٢٠١٣ بۆ بەرزکرابێتەوە.
- د. مەغدید سەپان، جگە لەکاری مامۆستایەتی لە بەشی ڕاگەیاندن لە کۆلێژی ئاداب لە زانکۆی سەلاحەدین لە نووسین بۆ رۆژنامە و گۆڤارە کوردییەکان و بەرهەمهێنانی فیلمی دەکومێنتیش بۆ تەلەفزیۆنەکانی کوردی چالاکانە کار دەکا.لەسەر پرسە ئاڵۆزەکانی کوردی، هەمیشە ڕای کوردانەی خۆی هەبووە و ڕاکانیشی تا ئێستا زۆر کورسی پتەوی هەژاندووە.
خێزانی هەیە و پێنج منداڵی بەناوەکانی: دێرین، نالی، نازە، سۆفیا و شیلانە هەیە.
ئەو بابەتانەی لە بەشی راگەیاندنی كۆلێژی ئادابی زانكۆی سەلاحەدین گوتوویەتییەوە:
- ژانرەكانی رۆژنامەوانی
- ئێتیكی راگەیاندن
- پەیپەر میدیا
- هونەرەكانی كاركردن لە رادیۆ و تەلەفزیۆن
- بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠١٥ – ٢٠١٦ ش بڕیارە وانەی: ڕوۆژنامەوانی بەدواداچوون (روزنامهنگاری تحقیقی) بڵێتەوە.